Logo

Washan Media

Menu


پێکهاتەکان :


کۆمەڵگای کوردی


❯ ❮

نان و ژیان

نان و ژیان لە نێو کارتۆنە فڕێدراوەکانی شار ...

پەیداکردنی بژێوی لەنێو پاشماوەی کارتۆنە فڕێدراوەکانی کەرکووکدا
داهاتێکی کەم و پڕماندووبوون، بەڵام دەسەڵات سەرچاوەی رزقەکەیان دەبڕن

ئارام شێرکۆ – کەرکووک
کەسانێک هەن کە بژێوی ڕۆژانەی خۆیان و خێزانەکانیان لە ناو کۆنەکارتۆن، پلاستیک، زبڵ و پاشماوەکاندا دەدۆزنەوە؛ کارێکی سادە لە دەرەوەی شارەوە دەردەکەوێت، بەڵام بۆ ئەوان سەرچاوەی سەرەکیی داهات و ژیانیانە.

ڕۆژانە دەیان خێزان لە کەرکووک، بە کۆکردنەوەی کۆنە کارتۆن، پلاستیک و جۆرەها پاشماوە، هەوڵ دەدەن نانی ماڵ و منداڵەکانیان پەیدا بکەن. ئەوان نە داوای یارمەتی دەکەن و نە چاوەڕوانی داهاتی بێبەرامبەرن؛ بەڵکو بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆیان، لە ناو پاشماوەکاندا بەدوای داهاتێکی کەم دەگەڕێن.
بەڵام ئەم کارەی ئەوانیش لە ئێستادا ڕووبەڕووی بەربەست بووەتەوە؛ بەربەستێک کە ئەگەر چارەسەر نەکرێت، تەنها کاری کۆکردنەوەی پاشماوە زیان نابینێت، بەڵکو ژیانی سەدان خێزان و داهاتی ڕۆژانەی کۆمەڵێک کاسبکار دەخاتە مەترسییەوە.

ململانێ سیاسییەکان و ناکۆکییەکانی نێوان ئاستە جیاوازەکانی دەسەڵات، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بژێوی ژیانی هاوڵاتیان هەیە و لە هەندێک حاڵەتدا، ئەو کێشە سیاسییە گەورانە لە ئاستی حکومەتەوە گەیشتوونەتە ناو ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتی؛ تا ئەوەی ئێستا بۆ هەندێک خێزان، تەنها کار و داهات نییە، بەڵکو پرسیاری ئەوەیە چۆن نانی ڕۆژانەی خۆیان پەیدا بکەن.
لە شاری زێڕی ڕەش و کانگای نەوت ١٠ کارگە و سەدان خێزان لە بەردەم داخستن لە کەرکووک نزیکەی ١٠ کارگە هەن کە بە شێوەی ڕۆژانە سەدان تەن پاشماوە، و کۆنە کارتۆن و پلاستیک کۆکراوە لە هاوڵاتیان دەکڕن. ئەم کارگانە تەنها شوێنی کڕین و فرۆشتنی پاشماوە نین، بەڵکوو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بوونەتە سەرچاوەی داهاتی سەدان خێزان لە کەرکووک.
بەڵام بەپێی وتەی خاوەن کارگەکان و کاسبکاران، بڕیارێک کە ڕێگری لە ڕەوانەکردنی ئەو کۆنە کارتۆن و پاشماوانە بۆ هەولێر و سلێمانی دەکات، کاریگەریی خراپی لەسەر کار و بەرهەمی ئەو کارگەیە.
خاوەن کارگەکان دەڵێن، ئەگەر نەتوانن ئەو پاشماوانە بفرۆشن و هەناردەی بکەین بۆ شارەکانی هەولێر و سلێمانی ئەوە ئێمه، ناتوانن بەردەوام بین لە کڕینی کارتۆن و پلاستیک لە هاوڵاتیان؛ ئەمەش واتە کەمبوونەوەی کار و نان بڕینی کۆمەلێک خێزانی لێدەکەوێتەوە داخستنی کارگەکان.
کاسبکارێک گوتی ئەگەر ئەم کارە نەبێت، نازانین چی بکەین
یەکێک لەو کاسبکارانە، کە بە ماتۆڕسکیلێکی سادە ڕۆژانە بەدوای کۆنە کارتۆن و پلاستیکدا دەگەڕێت، لە لێدوانێکی تایبەتدا پێی وتین ئەم کارە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی خێزانەکەیەتی.
ئەو کاسبکارە دەڵێت بەهۆی ئەم کارەوە ڕۆژانە دەتوانێت نزیکەی ١٠ بۆ ٢٠ هەزار دینار بۆ بژێوی خۆی و خێزانەکەی پەیدا بکات.
خێزانەکەی لە هەشت کەس پێک دێت و ئەوان لە ڕێگەی کۆکردنەوە و فرۆشتنی کۆنە کارتۆن و پلاستیکەوە داهاتی ڕۆژانەی خۆیان دابین دەکەن.
بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو کێشەیەی لە بەردەم گواستنەوە و فرۆشتنی ئەو پاشماوانەدا دروست بووە، کارگەکان ناتوانن بەردەوام بن لە وەرگرتنی کۆنە کارتۆن و پلاستیکان و کڕینیان؛ ئەمەش وای کردووە کۆمەڵێک کاسبکار بێکار بمێننەوە و سەرچاوەی داهاتی ڕۆژانەیان لەدەست بدەن.
ئەو کاسبکارە بە دەنگێکی پڕ لە نیگەرانی دەڵێت: ئەگەر ئەم کارە نەبێت، نازانین چی بکەین و چۆن پارە پەیدا بکەین بۆ بژێوی خۆمان و ماڵ و منداڵەکانمان.
خاوەن کارگە: ئەگەر ئەوان کۆی نەکەنەوە، شار پڕ دەبێت لە پاشماوە
لە بەرامبەر ئەم نیگەرانییەدا، یەکێک لە خاوەن کارگەکانیش دەڵێت ئەو کاسبکارانەی بە کۆکردنەوەی کارتۆن و پلاستیک ژیان دەگوزەرێنن، تەنها پەیداکردنی نان نییە بۆ خۆیان، بەڵکو خزمەتێکی گرنگیش بە شارەکە دەکەن.کە ڕۆژانە بە هەڵگرتنەوەو کۆکردنەوە ئەم کۆنە کارتۆن و پلاستیکانە شارەکەیش خاوێن دەکەنەوە.
ئەو دەڵێت: ئەگەر ئەو کەسانە کارتۆن و پلاستیک و پاشماوەکان کۆ نەکەنەوە و نەیفرۆشن بە کارگەکان، شارەکە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا پڕ دەبێت لە زبڵ و پاشماوە و دەکرێت کەرکووک بگۆڕێت بە شوێنێکی پڕ لە زبڵ.
بەم پێیە، ئەو کاسبکارانەی ڕۆژانە بە کۆکردنەوەی کۆنە کارتۆن و پلاستیک پارە پەیدا دەکەن، لە هەمان کاتدا بەشێک لە بارگرانیی پاکڕاگرتنی شارەکەش لەسەر ئەستۆی خۆیان هەڵگرتووە.
ئەوان لە لایەکەوە سەرچاوەی داهاتی خێزانەکانیان دابین دەکەن و لە لایەکی دیکەوە، بە کۆکردنەوەی بەشێک لە پاشماوەکان، ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆ لە پاکڕاگرتنی ژینگە و کەمکردنەوەی کۆبوونەوەی زبڵ لە ناو شاردا دەبینن.

بازگەکانی دارەمان و چیمەن؛ بەربەستی سەرەکین لە بەردەم کۆکرنەوەو فرۆشتنی کۆنە کارتۆنەکان.
خاوەن کارگەکان دەڵێن لە ئێستادا لە هەردوو بازگەی دارەمان و چیمەن ڕێگری لە گواستنەوەی ئەو کارتۆن و پاشماوانە دەکرێت بۆ شارەکانی هەولێر و سلێمانی.
بەپێی وتەکانی ئەوان، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کارەکانیان داناوە؛ چونکە کاتێک نەتوانن ئەو پاشماوانە بگەنێنە بازاڕی هەولێر و سلێمانی، توانان لە کاسبکارانی وەربکن لێیان بکڕن.
خاوەن کارگەکان دەڵێن ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، ناچار دەبن کارگەکانیان دابخەن؛ ئەمەش بە مانای لەدەستدانی سەرچاوەی داهات بۆ ژمارەیەکی زۆر لە کاسبکاران و کرێکارانە.
کێ بەرپرسیارە لە نانی ئەو خێزانانە؟
پرسیارەکە لێرەدا تەنیا کێشەی کارتۆن و پلاستیک نییە.
پرسەکە ئەوەیە: کاتێک خێزانێک بژێوی ڕۆژانەی خۆی لە کۆکردنەوەی پاشماوە پەیدا دەکات، ئەگەر ئەو کارەش لێی بگیرێت، ئەو خێزانە چۆن بژی؟
ئەم خێزانانە زۆرجار هیچ سەرچاوەی داهاتێکی تریان نییە. ئەوەی لە ناو زبڵ و پاشماوەدا دەبینرێت، بۆ ئەوان بەهای ژیانە، کارتۆنێک کە بۆ کەسێکی تر تەنیا پاشماوەیە، بۆ ئەو خێزانە پارەی نانە، پارەی خواردنە، پارەی پێداویستییەکانی منداڵە و بەشێکە لە بژێوی ڕۆژانەی ماڵە.
بۆیە، هەر بڕیارێک کە کاریگەری لەسەر ئەم بازاڕە دادەنێت، پێویستە کاریگەریی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکەشی لەبەرچاو بگیرێت؛ چونکە لە پشت هەر کاسبکارێک، خێزانێک هەیە و هەر کارگەیەکیش،سەرچاوەی ژیانی ژمارەیەک مرۆڤە

زیاتر ببینە...
❯ ❮

قەیرانی سوتەمەنی

ئایا قەیرانەکان خەتای حکومەتە، یان خەتای میلەت؟

ئەمڕۆ بەیانی، کاتژمێر ٦ی بەیانی، چووم بۆ نانەواخانە بۆ نان کڕین. دوو ئۆتۆمبێل هاتن و دوو شۆفێر لێیان دابەزین بۆ نان کڕین.

ڕاستەوخۆ، یەکێکیان بەویتری گوت:
«ئۆتۆمبێلەکەم ١٨ لیتر بەنزینی خوارد.»

ئەویتریش گوتی:
«هی من ٢٠ لیتر بەنزینی خوارد.»

هەمان شۆفێر بە پێکەنینەوە گوتی:
«من دوو کارتی غازم لەگەڵ خۆم هێناوە، تا دوو جار بەنزین وەربگرم!»

ئافەرین بە تۆ! بۆ ماوەی تەنها ٤٥ کیلۆمەتر، ڕێگات بڕیوە ١٨ لیتر بەنزینت تێکردووە و ئەو قەڵەبالغییە دروست بکەیت، لە کاتێکدا بە ٨ لیتر بەنزین دەتوانیت بچیت و بگەڕێیتەوە.

ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە:
ئایا هەموو قەیرانەکان تەنها خەتای حکومەتن؟ یان ئێمەش وەک میلەت بەشێک لە بەرپرسیارێتییەکەمان هەیە؟

ئەگەر هەر یەکێک لە ئێمە لە بەکارهێنانی سەرچاوەکان بەرپرسیارانەتر هەڵسوکەوت بکەین، بەشێک لە قەیرانەکان کەمتر دەبن.

سەنگەر میران بەگ
ڕۆژنامەنووس

زیاتر ببینە...
❯ ❮

مێژووی کوردستان

چیرۆکی فەزیحەی گوارەی زەندەیا لە بۆنەی فیلمی نۆلان لە لەندەن، گەنجینەی تاڵانکراوی گردی زیویە لە کوردستان (کە لە توخمە سەرەکییەکانی خوێندنی مێژووی هونەری پێش ئیسلام لە باکووری زاگرۆس) هێنایە پێشەوەی سەرنج؛ گۆڕەپانی کولتووری ماناییەکان، مادەکان.

گۆڕینی شوێنەوارێکی کۆنی سەدەی ٢٨-٢٧ پێش زایین، کە زۆر بە ئەگەرێکی زۆرەوە بە بەهای پیرۆز و ڕێوڕەسمی و نەتەوەیی بەخشراوە، بۆ "ئیکسسواراتێکی مۆدەی شەوانە" لەسەر فەرشی سووری هۆلیوود، تەنیا دەتوانرێت وەک بچووککردنەوەی ناسنامەی مێژوویی شارستانیەتێک بۆ شتێکی دیکۆرات و نیشانەی نیگای ڕۆژهەڵاتناسی و تاڵانکردنی میراتی کولتووری کۆمەڵگاکانی دیکە لەلایەن کۆلۆنیالیستەکانی ڕۆژئاوا.

ئەم شوێنە مێژووییە ٣٠٠٠ ساڵە سەر بە شاری سەققزە کە یەکێکە لە شارەکانی کوردستان. لە ئێستادا زانیاری نادروست لەسەر ئەم شوێنە مێژووییە بڵاودەبێتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سەر بە مێژووی ئێرانە، بەڵام بە لێکۆڵینەوەیەکی سادە مرۆڤ دەتوانێت ڕاستییەکان ئاشکرا بکات. ئەم پێگەیە بەڵگەیە لەسەر بوونی شارستانیەتی شارستانی لە کوردستاندا.

سەنگەر میران نەگ
ڕۆژنامەنووس

سەرچاوە مێزۆپۆتامیا

زیاتر ببینە...
❯ ❮

تاڤگەی شەرانش

تاڤگەی شەرانش – وەشەن میدیا

تاڤگەی شەرانش، کە لە دەڤەری سندیا سەر بە زاخۆ هەڵکەوتووە، یەکێکە لە جوانترین شوێنە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان. ئەم تاڤگەیە بە سروشتە سەوزەکەی، ئاوە زلالەکەی و هەوای فێنکەکەی ناسراوە.

بەهۆی بەرزی شوێنە جوگرافییەکەیەوە، تەنانەت لە وەرزی هاویندا پلەی گەرما زۆرجار لە ٣٠ پلەی سەنتیگراد تێناپەڕێت، بۆیە بووەتە شوێنێکی سەرەکی بۆ گەشت و پشوودان و سەرنجی هەزاران گەشتیار لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم ڕادەکێشێت.

وەشەن میدیا ـ سەنگەر میران بەگ ـ ڕۆژنامەنووس

زیاتر ببینە...
❯ ❮

لەیلا قاسم

لەیلا قاسم؛ بووکە گەشی کوردستان و شکۆمەندی سێدارە

لەیلا قاسم تەنها ناوێک نییە لە مێژوودا، بەڵکو سیمبولی خۆڕاگری و ئیرادە و قوربانیدانی ئافرەتی کوردە بۆ نیشتمانەکەی. ئەو یەکەم ژنە تێکۆشەر بوو کە لە پێناو دۆزی ڕەوای گەلەکەیدا چووە سەر سێدارە و سەری بۆ دوژمن دانەواند.

یادی کچە کوردێک دەکەینەوە کە مێژووی نەتەوەیەکەی بە خوێنی خۆی نەخشاند. لەیلا قاسم، ئەو کچە چاوگەشەی خانەقین کە لە ١٢ی ئایاری ١٩٧٤دا، کاتێک جەلادەکانی ڕژێمی بەعس ویستیان ئیرادەی بشکێنن ئەو بە سرودی "ئەی ڕەقیب" و بە دەنگێکی بەرزەوە بەرەو سێدارە هەنگاوی نا.

بۆچی لەیلا قاسم جیاواز بوو؟
لەیلا تەنها چالاکوانێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو پەیامێکی گەورەی بە گوێی جیهاندا دا:
• خۆڕاگری لە زیندان: سەرەڕای هەموو ئەشکەنجە دڕندەکانی بەعس لەیلا ئامادە نەبوو هیچ زانیارییەک بدات.
• پێشەنگی ئافرەتان: ئەو سەلماندی کە ئافرەتی کورد لە ڕیزەکانی پێشەوەی خەباتدایە و هیچ کەمتر نییە لە پیاوان لە مەیدانی بەرگریکردن لە خاک.

شەهیدبوونی لەیلا قاسم کۆتایی نەبوو، بەڵکو سەرەتایەک بوو بۆ ڕاپەڕینی هەزاران لەیلای تر. ئەو لە کاتی سێدارەدانەکەیدا تەنها ٢٢ ساڵ بوو بەڵام ناوی بۆ هەمیشە بە نەمری لە لاپەڕە زێڕینەکانی مێژوودا مایەوە.

زەنوێر جـاف

زیاتر ببینە...
❯ ❮

ئەنفال

کوردی / عربي

پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ سی و هەشت ساڵەی کارەساتی ئەنفال

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئەنفال برینێكی قووڵە لە دڵی هەموو خەڵكی كوردستان، یەکێکە لە گەورەترین تاوانەکان کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی پێشووی عێراقەوە بە شێوەیەکی سیستەماتیک و ئامانجدار لەدژی گەلی كوردستان پیادە كرا. لە ئەنجامی ئەو كردەوە نامرۆڤانەیەدا سەد و هەشتا و دوو هەزار هاوڵاتیی کورد بە بێ ئەوەی هیچ تاوانێكیان كردبێت و تەنیا لەبەر كوردبوونیانەوە بێسەروشوێن و شەهید كران. هەروەها كیمیابارانكردن، تەعریب، دەركردنی بەزۆر، گۆڕینی دیموگرافی و وێرانكردنی هەزاران گوند و هەوڵدان بۆ تێكدانی هەموو بنچینەكانی ژیان لە كوردستان، بەشێكی تری ئەو تاوانانە بوو كە حكومەتی پێشووی عێراق لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامی داوە.

ئەنفال زوڵمێكی زۆر گەورە بوو لە هەمانكاتدا وانەیەكی گرنگە بۆ نەوەكانی ئێستا و داهاتوو كە نابێ لەژێر هیچ بارودۆخێكدا فەرامۆش بكرێت. پێویستە لە ئاستی نێودەوڵەتی ئەم تاوانە بە جینۆساید بناسرێت و لە ئاستی عێراقدا ئەو دڵنیاییە هەبێت کە ئەم تاوانانە لە بەرانبەر گەلی كوردستان هەرگیز دووبارە نابنەوە. هەروەها ئەركی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ئەنفال و ئەو جینۆسایدە بكات كە لەدژی میللەتەكەمان ئەنجام دراوە.

لە یادی سی و هەشت ساڵەی كارەساتی ئەنفالدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین، و هاوبەشی خەم و ئازاری خێزان و كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالین.

مسعود بارزانی
14ی نیسانی 2026

زیاتر ببینە...