ڕۆژنامەگەری نوێ
ڕۆژنامەگەریی نوێ
مەسعوود شێخ بزێنی
جیهانی ڕۆژنامەگەری، جیهانێکی فراوانە. نیوەی ئەوانەی ئێستا لە هەموو جۆرەکانی ڕاگەیاندندا کاردەکەن، لە ماناکەی تێناگەن و تەنیا بۆ مەبەستی دەرکەوتن کاردەکەن.
لەسەرەتادا، پێویستە ئەوانەی لەم بوارەدا کاردەکەن، کەسانی ئەکادیمی بن و کاری ڕۆژنامەگەری بە زانستی مرۆڤناسییەوە (ئەنثرۆپۆلۆژیا) ببەستنەوە. نابێت تەنیا کاریان گواستنەوەی هەواڵەکان بێت سات بە سات، چونکە ڕۆژنامەگەری تەنیا پەیوەست نییە بە هەواڵەکانەوە وەک ئەوەی ئێستا باوە.
بەڵکو، ئارەزوو و تێگەیشتنێکی قووڵی مانای ژیانی مرۆڤە لە چۆنیەتی و بنەما جیاوازەکانیدا. بەپێی ئامانجەکەی، تەنیا شیکردنەوەی واقیع نییە، وەک ئەوانەی ئاڵوودەی ڕووداوەکان بوون.
ڕۆژنامەگەری بریتییە لە ئەنجامدانی تێبینی و بەشداریکردن، بریتییە لە نووسین لەسەر مرۆڤ، چونکە بەبێ تێگەیشتنی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگا، ڕووداوەکان هیچ مانایەکیان نابێت.
نموونەیەکی بچووک:
ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگ، سەلامە مووسا، کۆمەڵێک بابەتی نووسیوە و تێیدا باسی لە چۆنیەتیی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگا کردووە؛ لە کۆمەڵگای کشتوکاڵییەوە بۆ کۆمەڵگای پیشەسازی. ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەر چینی ناوەنددا هاتووە و هەنگاویان ناوە بەرەو چینی بەرزتر، هەروەها چۆن دابونەریتەکان گۆڕاون.
ئەمانە هەمووی لێکۆڵینەوەی مرۆڤناسین، بۆیە زۆر پێویستە ئەو کۆلێژانەی پەیوەندییان بە ڕاگەیاندنەوە هەیە، بابەتی مرۆڤناسی و یاسا بکەنە بەشێک لە پرۆگرامی خوێندنیان.