ئاگر بەست
مەزلوم عەبدی: ڕێکەوتنی ئاگربەست لە ژێر چاودێری ئەمریکا ئەنجامدرا و دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق بەردەوامە
سەرۆکی گشتیی هێزەکانی سوریا دیموکرات (قسد)، مەزلوم عەبدی، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ کەناڵی ڕۆناهیدا ڕاگەیاند کە ڕێکەوتنی ئاگربەست لە ژێر چاودێری و پشتگیریی ئەمریکا ئەنجامدراوە و هێشتا کاناڵەکانی دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی سوریا بەردەوامن.
عەبدی پشتڕاستی کردەوە کە کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە هەولێر ئەنجامدراوە کە تایبەت بوو بە ئاگربەست، و بەپێی ئەم ڕێکەوتنە سوپای سوریا ناچێتە ناو ناوچەکانی قسد. هەروەها وتی دوای تێپەڕبوونی ئەم ماوەیە هەنگاوەکانی گرنگ بۆ یەکگرتن و چارەسەری سیاسی دەهێنرێن.
سەرۆکی قسد ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا بە هەموو دامەزراوە سیاسی و عەسکەرییەکانی خۆی، هەروەها فڕانس بە سەرۆکیایەتی ئەیمانوێل ماکرۆن، بەشدارن لەم هەوڵدانانەدا، و مەبەستیان هێمنکردنەوە و دووربوونەوەیە لە چارەسەری عەسکەری.
لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا، مەزلوم عەبدی جەختی کردەوە کە هێرشەکان بۆ سەر کوبانی شکستیان دەهێنرێت و داوای لە دیمەشق کردووە نەچێتە ناو ئەم شارە. وتیشی ئەم داواکارییە قبوڵ کراوە و هیواداری پابەندبوونیانە.
عەبدی باسی تاوان و توندوتیژیەکانیش کرد کە دژ بە کوردان لە ڕەقە، تەبقا و ناوچەکانی دیکە ڕوویداوە، و داوای کرد هەموو ئەوانەی تاوانیان ئەنجامداوە حساب بدرێن. هەروەها ئاگاداری دا لە زمان و هەنگاوی شوڤینیستی و نژادپەستانە کە مەبەستی دروستکردنی دژایەتی نێوان کورد و عەرەبە.
سەرۆکی قسد جەختی لەسەر یەکگرتوویی کوردان کرد و وتی بەرگریی کوبانی بوو کە گەلێ کوردی یەکگرت و گەیاندیانە ئاستی ئێستا. هەروەها پشتگیریی سەرکردە کوردەکانی کوردستان و هەموو لایەنە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژئاوا بە نرخاند.
لە کۆتاییدا، مەزلوم عەبدی ڕاگەیاند کە قسد ئامادەی شەڕە بەڵام باوەڕی بەوەیە لە ڕێگای عەسکەریدا هیچ لایەنێک سەرکەوتوو نابێت، و تا گەیشتن بە چارەسەری سیاسی، بەرگری و پاراستنی ناوچەکانی ڕۆژئاوا بەردەوام دەبێت.
میدیا ئەحمەدـ شاری حەسەکە