نان و ژیان لە نێو کارتۆنە فڕێدراوەکانی شار ...

پەیداکردنی بژێوی لەنێو پاشماوەی کارتۆنە فڕێدراوەکانی کەرکووکدا
داهاتێکی کەم و پڕماندووبوون، بەڵام دەسەڵات سەرچاوەی رزقەکەیان دەبڕن

ئارام شێرکۆ – کەرکووک
کەسانێک هەن کە بژێوی ڕۆژانەی خۆیان و خێزانەکانیان لە ناو کۆنەکارتۆن، پلاستیک، زبڵ و پاشماوەکاندا دەدۆزنەوە؛ کارێکی سادە لە دەرەوەی شارەوە دەردەکەوێت، بەڵام بۆ ئەوان سەرچاوەی سەرەکیی داهات و ژیانیانە.

ڕۆژانە دەیان خێزان لە کەرکووک، بە کۆکردنەوەی کۆنە کارتۆن، پلاستیک و جۆرەها پاشماوە، هەوڵ دەدەن نانی ماڵ و منداڵەکانیان پەیدا بکەن. ئەوان نە داوای یارمەتی دەکەن و نە چاوەڕوانی داهاتی بێبەرامبەرن؛ بەڵکو بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆیان، لە ناو پاشماوەکاندا بەدوای داهاتێکی کەم دەگەڕێن.
بەڵام ئەم کارەی ئەوانیش لە ئێستادا ڕووبەڕووی بەربەست بووەتەوە؛ بەربەستێک کە ئەگەر چارەسەر نەکرێت، تەنها کاری کۆکردنەوەی پاشماوە زیان نابینێت، بەڵکو ژیانی سەدان خێزان و داهاتی ڕۆژانەی کۆمەڵێک کاسبکار دەخاتە مەترسییەوە.

ململانێ سیاسییەکان و ناکۆکییەکانی نێوان ئاستە جیاوازەکانی دەسەڵات، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بژێوی ژیانی هاوڵاتیان هەیە و لە هەندێک حاڵەتدا، ئەو کێشە سیاسییە گەورانە لە ئاستی حکومەتەوە گەیشتوونەتە ناو ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتی؛ تا ئەوەی ئێستا بۆ هەندێک خێزان، تەنها کار و داهات نییە، بەڵکو پرسیاری ئەوەیە چۆن نانی ڕۆژانەی خۆیان پەیدا بکەن.
لە شاری زێڕی ڕەش و کانگای نەوت ١٠ کارگە و سەدان خێزان لە بەردەم داخستن لە کەرکووک نزیکەی ١٠ کارگە هەن کە بە شێوەی ڕۆژانە سەدان تەن پاشماوە، و کۆنە کارتۆن و پلاستیک کۆکراوە لە هاوڵاتیان دەکڕن. ئەم کارگانە تەنها شوێنی کڕین و فرۆشتنی پاشماوە نین، بەڵکوو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بوونەتە سەرچاوەی داهاتی سەدان خێزان لە کەرکووک.
بەڵام بەپێی وتەی خاوەن کارگەکان و کاسبکاران، بڕیارێک کە ڕێگری لە ڕەوانەکردنی ئەو کۆنە کارتۆن و پاشماوانە بۆ هەولێر و سلێمانی دەکات، کاریگەریی خراپی لەسەر کار و بەرهەمی ئەو کارگەیە.
خاوەن کارگەکان دەڵێن، ئەگەر نەتوانن ئەو پاشماوانە بفرۆشن و هەناردەی بکەین بۆ شارەکانی هەولێر و سلێمانی ئەوە ئێمه، ناتوانن بەردەوام بین لە کڕینی کارتۆن و پلاستیک لە هاوڵاتیان؛ ئەمەش واتە کەمبوونەوەی کار و نان بڕینی کۆمەلێک خێزانی لێدەکەوێتەوە داخستنی کارگەکان.
کاسبکارێک گوتی ئەگەر ئەم کارە نەبێت، نازانین چی بکەین
یەکێک لەو کاسبکارانە، کە بە ماتۆڕسکیلێکی سادە ڕۆژانە بەدوای کۆنە کارتۆن و پلاستیکدا دەگەڕێت، لە لێدوانێکی تایبەتدا پێی وتین ئەم کارە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی خێزانەکەیەتی.
ئەو کاسبکارە دەڵێت بەهۆی ئەم کارەوە ڕۆژانە دەتوانێت نزیکەی ١٠ بۆ ٢٠ هەزار دینار بۆ بژێوی خۆی و خێزانەکەی پەیدا بکات.
خێزانەکەی لە هەشت کەس پێک دێت و ئەوان لە ڕێگەی کۆکردنەوە و فرۆشتنی کۆنە کارتۆن و پلاستیکەوە داهاتی ڕۆژانەی خۆیان دابین دەکەن.
بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو کێشەیەی لە بەردەم گواستنەوە و فرۆشتنی ئەو پاشماوانەدا دروست بووە، کارگەکان ناتوانن بەردەوام بن لە وەرگرتنی کۆنە کارتۆن و پلاستیکان و کڕینیان؛ ئەمەش وای کردووە کۆمەڵێک کاسبکار بێکار بمێننەوە و سەرچاوەی داهاتی ڕۆژانەیان لەدەست بدەن.
ئەو کاسبکارە بە دەنگێکی پڕ لە نیگەرانی دەڵێت: ئەگەر ئەم کارە نەبێت، نازانین چی بکەین و چۆن پارە پەیدا بکەین بۆ بژێوی خۆمان و ماڵ و منداڵەکانمان.
خاوەن کارگە: ئەگەر ئەوان کۆی نەکەنەوە، شار پڕ دەبێت لە پاشماوە
لە بەرامبەر ئەم نیگەرانییەدا، یەکێک لە خاوەن کارگەکانیش دەڵێت ئەو کاسبکارانەی بە کۆکردنەوەی کارتۆن و پلاستیک ژیان دەگوزەرێنن، تەنها پەیداکردنی نان نییە بۆ خۆیان، بەڵکو خزمەتێکی گرنگیش بە شارەکە دەکەن.کە ڕۆژانە بە هەڵگرتنەوەو کۆکردنەوە ئەم کۆنە کارتۆن و پلاستیکانە شارەکەیش خاوێن دەکەنەوە.
ئەو دەڵێت: ئەگەر ئەو کەسانە کارتۆن و پلاستیک و پاشماوەکان کۆ نەکەنەوە و نەیفرۆشن بە کارگەکان، شارەکە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا پڕ دەبێت لە زبڵ و پاشماوە و دەکرێت کەرکووک بگۆڕێت بە شوێنێکی پڕ لە زبڵ.
بەم پێیە، ئەو کاسبکارانەی ڕۆژانە بە کۆکردنەوەی کۆنە کارتۆن و پلاستیک پارە پەیدا دەکەن، لە هەمان کاتدا بەشێک لە بارگرانیی پاکڕاگرتنی شارەکەش لەسەر ئەستۆی خۆیان هەڵگرتووە.
ئەوان لە لایەکەوە سەرچاوەی داهاتی خێزانەکانیان دابین دەکەن و لە لایەکی دیکەوە، بە کۆکردنەوەی بەشێک لە پاشماوەکان، ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆ لە پاکڕاگرتنی ژینگە و کەمکردنەوەی کۆبوونەوەی زبڵ لە ناو شاردا دەبینن.

بازگەکانی دارەمان و چیمەن؛ بەربەستی سەرەکین لە بەردەم کۆکرنەوەو فرۆشتنی کۆنە کارتۆنەکان.
خاوەن کارگەکان دەڵێن لە ئێستادا لە هەردوو بازگەی دارەمان و چیمەن ڕێگری لە گواستنەوەی ئەو کارتۆن و پاشماوانە دەکرێت بۆ شارەکانی هەولێر و سلێمانی.
بەپێی وتەکانی ئەوان، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کارەکانیان داناوە؛ چونکە کاتێک نەتوانن ئەو پاشماوانە بگەنێنە بازاڕی هەولێر و سلێمانی، توانان لە کاسبکارانی وەربکن لێیان بکڕن.
خاوەن کارگەکان دەڵێن ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، ناچار دەبن کارگەکانیان دابخەن؛ ئەمەش بە مانای لەدەستدانی سەرچاوەی داهات بۆ ژمارەیەکی زۆر لە کاسبکاران و کرێکارانە.
کێ بەرپرسیارە لە نانی ئەو خێزانانە؟
پرسیارەکە لێرەدا تەنیا کێشەی کارتۆن و پلاستیک نییە.
پرسەکە ئەوەیە: کاتێک خێزانێک بژێوی ڕۆژانەی خۆی لە کۆکردنەوەی پاشماوە پەیدا دەکات، ئەگەر ئەو کارەش لێی بگیرێت، ئەو خێزانە چۆن بژی؟
ئەم خێزانانە زۆرجار هیچ سەرچاوەی داهاتێکی تریان نییە. ئەوەی لە ناو زبڵ و پاشماوەدا دەبینرێت، بۆ ئەوان بەهای ژیانە، کارتۆنێک کە بۆ کەسێکی تر تەنیا پاشماوەیە، بۆ ئەو خێزانە پارەی نانە، پارەی خواردنە، پارەی پێداویستییەکانی منداڵە و بەشێکە لە بژێوی ڕۆژانەی ماڵە.
بۆیە، هەر بڕیارێک کە کاریگەری لەسەر ئەم بازاڕە دادەنێت، پێویستە کاریگەریی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکەشی لەبەرچاو بگیرێت؛ چونکە لە پشت هەر کاسبکارێک، خێزانێک هەیە و هەر کارگەیەکیش،سەرچاوەی ژیانی ژمارەیەک مرۆڤە