هەڵبژاردن
لە دهۆک پێشوازیەکی گەرم هەیە بۆ هەڵبژاردن و ڕیژەیەکی زۆر دەنگدەر کارتەکانیان وەرگرتوەتەوە
سەید محەمەد بەرزنجی
بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، 96٪ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە ئامادەکاری تەواو کراوە و لە 7ی مانگدا ئامێرەکان دەبەنە نێو وێستگە و بنکەکانی دەنگدان
خالید عەباس، بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رایگەیاند: "سەرجەم ئامادەکارییەکانیان بۆ بۆ هەڵبژاردن تەواو کردووە، "پێداویستیی لۆجیستی و ئامێرەکانمان بەدەست گەیشتوون و خولی راهێنانمان بۆ سەرجەم کارمەندەکان کردووە کە ژمارەیان نزیکەی 10 هەزار کەسە." لە 7ی مانگدا ئامێرەکان دەبەینە نێو وێستگە و بنکەکان، ئامادەکاری باش کراوە و رێژەیەکی باشیش لە کارتی دەنگدان لەلایەن دەنگ دەرانەوە وەرگیراوەتەوە ."
سەبارەت بە دۆخی بانگەشە خالید عەباس ئاماژەی بەوە کرد: "بانگەشە لە کەشێکی دیموکراسی بێ سەرپێچی بەڕێوەدەچێت، ئێمە وەکو کۆمیسیۆن هیچ سەرپێچییەکمان تۆمار نەکردووە، تەنیا 12 بەربژێرمان ئاگادارکردووەتەوە کە پۆستەرەکانیان لە شوێنی هەڵە دانابوو
دەشڵێت، "دوو سکاڵا لەلامان تۆمارکراون و لێکۆڵینەوەیان لێدەکەین، هەردووکی لەلایەنی لایەنێکی سیاسییەوە تۆمارکراوە و لەسەر دڕاندنی پۆستەرەکانیان بوو، کە ڤیدیۆ و وێنەیان وەکو بەڵگە ناردووە و ئێمەش سکاڵاکانمان ناردووەتە بەغدا بۆ یەکلایی کردنەوەیان."
لە دهۆک 779 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، "96٪ـی ئەو دەنگدەرانە کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە، تەنیا نزیکەی 14 هەزار کارت ماون کە وەرنەگیراونەتەوە، رۆژانە پەیوەندییان پێوە دەکرێت و لەلایەن تیمی گەڕۆکەوە کارتەکانیان بۆ دەبرێتەوە."
لەبارەی دەنگدانی ئاوارەکان ئاماژەی بەوە کرد، گرنگییەکی زۆر بە پرسی ئاوارەکان دەدەن، "26 هەزار ئاوارەمان تۆمارکردووە، زۆربەی ئاوارەکان کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە، تەنیا نزیکەی 200 کارت ماون وەرنەگیراونەتەوە، دەنگدانی ئەوانیش هاوشێوەی دەنگدانی تایبەت دەبێت لە 9ی مانگ."
رۆژی 9ـی 11ـی 2025 دەنگدانی تایبەت لە 809 بنکە و 4,501 وێستگە بەڕێوەدەچێت، رۆژی 11ـی 11ـی 2025 دەنگدانی گشتی لە 8,703 بنکە و 39,285 وێستگە بەڕێوەدەچێت.