ئاکۆ شارۆشی: بۆ دەزگای وەشەن میدیا،،
ئیخوانی موسڵیمین ناوەڕۆکێکی نەتەوەپەرستانەی دژەکوردی هەیە

ئاکۆ شارۆشی، چالاکوان و نووسەری سیاسی، لە راگەیاندنێکدا ئاگاداری دا لەوەی بە گوتەی ئەو، نەتەوەپەرستی عەرەب، تورک و فارس، بە شێوەیەکی بەردەوام کاریگەریی دژەکوردی هەیە و لە چوار پارچەی کوردستاندا ئاگری قەڵاچۆکردنی کورد دەهێنرێت.

شارۆشی ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک لە ئەندامانی کوردزمانی ئیخوانی موسڵیمین پێویستە ئاگادار بن لەوەی ئەندامێتی لەم ڕێکخراوەدا، بە ناوی ئاینییەوە، بەڵام بە ناوەڕۆک نەتەوەپەرستییە و لە زۆربەی کاتدا دژە ماف و بوونی کوردانە.

بە گوتەی ئەو، ناوەڕۆکی ئیخوان لە بنچینەوە بۆ نەتەوەپەرستی دروست کراوە، نەک بۆ خواپەرستی، وەک ئامرازێک بۆ خەڵەتاندن و کەسبکردنی خزمەتکاری هەندێک کوردی خۆشباوەڕ کە بەرگی ئیسلامیان کردووە بە بەری ئیخواندا.

ئاکۆ شارۆشی هەروەها دەڵێت کە عەلمانیەت و هێزە ڕۆژئاواکان پاڵپشتی ئیخوان دەکەن، بۆ دروستکردنی ئاژاوە، نەتەوەپەرستی و فاشیزم، و هەروەها بۆ ناشیرینکردنی وێنەی ئیسلام و دروستکردنی بەهانە بۆ دەستێوەردانی سیاسی و ئاسایشی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی جیهانی سێیەم.