گرتوخانە
ناونیشانی ڕاپۆرت: بارزان فارس هه ولێر چاکسازیی گەورەی هەولێر؛ لەنێوان قەرەباڵغی و هەوڵەکان بۆ گۆڕینی ڕەفتاری سزادراوان.
لەکاتێکدا ناوەندەکانی چاکسازی وەک شوێنێک بۆ دووبارە ڕاهێنانەوەی سزادراوان تەماشا دەکرێن، بەڵام چاکسازیی گەورەی هەولێر لە ئێستادا لەژێر فشارێکی گەورەدایە. ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری چاکسازیی هەرێم، لە لێدوانێکی تایبەتدا رایگە یاند ، پەردە لەسەر ڕاستییەکی تاڵ لادەبات؛ چاکسازییەکە کە توانای لەخۆگرتنی تەنها ٩٩٠ سزادراوی هەیە، لە ئێستادا زیاتر لە دوو هەزار و ٢٠٠ سزادراوی تێدا نیشتەجێیە، واتە دوو هێندە و نیوی توانای ڕاستەقینەی خۆی.
ئیحسان عەبدولڕەحمان – بەڕێوەبەری چاکسازیی هەرێم:
"بەهۆی ئەم قەرەباڵغییەوە، گرفتەکانمان لە ڕووی خزمەتگوزاری، دابینکردنی دەرمان و کەمیی توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونییەوە ڕوو لە زیادبوونە. تەنانەت بودجەی بەردەستیش بەشی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک جلوبەرگ و پێخەف ناکات."
بەرپرسانی چاکسازی بۆ چارەسەری ئەم دۆخە چەند پلانێکیان خستووەتە ڕوو؛ لەوانە دروستکردنی باڵەخانەی نوێ، نۆژەنکردنەوەی بینا کۆنەکان و کارکردن لەسەر پڕۆژەیاسای "سزای جێگرەوە" و "لێبوردنی گشتی" کە لە ساڵی ٢٠٢٣ـوە ڕەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کراوە، بەڵام بەهۆی پەککەوتنی پەرلەمانەوە تا ئێستا بڕیاریان لێ نەدراوە.
لە ڕووی تەندروستی و بژێوییەوە، سەرەڕای کەمیی دەرمان، هەوڵ دراوە لە ڕێگەی ڕێکخراوەکان و خێرخوازانەوە پێداویستییە پزیشکییەکان دابین بکرێن. سیستەمی خۆراکیش لەژێر چاودێرییەکی وردی جۆری و تەندروستیدایە.
. لە ئێستادا ٦٨٨ سزادراو لەناو وەرشەکانی (دارتاشی، بەرگدروونی، کۆمپیوتەر و ئاسنگەری) کار دەکەن و لە بەرامبەردا مووچە وەردەگرن. ئامانج لێرەدا تەنها سزادان نییە، بەڵکو پێگەیاندنی تاکێکی سوودبەخشە بۆ ناو کۆمەڵگە.
پەیوەندی لەگەڵ دەرەوە:
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیش، سزادراوان دەتوانن بە نیوەی نرخی ئاسایی پەیوەندیی تەلەفۆنی بکەن و بۆ سزادراوە بیانییەکانیش پەیوەندیی ئۆنلاین (ڤایبەر و واتسئاپ) دابین کراوە. پرۆسەی سەردانیکردنی کەسوکاریش بە هەفتانە و بە جیاکردنەوەی ڕەگەزی نێر و مێ بەردەوامە.
هەرچەندە گلەیی لە سستیی ڕێکارەکانی "ئازادکردنی مەرجدار" هەبوو، بەڵام بەڕێوەبەری چاکسازی جەخت دەکاتەوە کە ئەوان هیچ دواکەوتنێکیان نییە و کێشەکە لە ڕێکارە یاساییەکانی دادگادایە. لە کۆتاییشدا، چاودێرییەکی وردی ڕەفتاری پاسەوانان و کارمەندان دەکرێت تاوەکو هیچ پێشێلکارییەک بەرامبەر سزادراوان ئەنجام نەدرێت، بەو هیوایەی ئەم ناوەندانە ببنە وێستگەیەک بۆ گەڕانەوەی مرۆڤەکان بۆ ژیانێکی شایستە.