لە چیای هەندرێن چەند دارێک بڕدراونەتەوە و قائیمقامی ڕواندزیش هۆشداری دەداتە ئەوانەی داردەبڕن

سەید محەمەد بەرزنجی
دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی چەند دارێکی بڕدراو لە سنووری ڕواندز، قائیمقامی قەزاکە هۆشداری دەدات و داواش لە هاوڵاتیان دەکات لەکاتی بینینی هەر سەرپێچییەک ئاگاداریان بکەنەوە.

ئەحمەد قادر، قائیمقامی قەزای ڕواندز هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئەو کەسانەی دار دەبڕنەوە و ڕایگەیاند، هەرکەسێک دەستدرێژی بکاتە سەر ژینگە و سرووشتی ناوچەکە، ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکرێتەوە و سزا دەدرێت.

دوای ئەوەی هاوڵاتیەک بەمەبەستی سەیرانکردن ڕوو لە گوندی کاولۆکانی بناری چیای هەندرێن دەکات ، بینیویەتی ژمارەیەک دار بڕاونەتەوە کە شوێنەواری بڕینەوەی هەندێکیان "نوێ بووە."

ئەحمەد قادر ڕایگەیاند: "تیمەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگە بەردەوام چاودێریی دۆخەکە دەکەن و بەدواداچوون بۆ هەر حاڵەتێکی لەو شێوەیە دەکەن."

قائیمقامی رواندز جەختی کردەوە، "هەر کەسێک دەستدرێژی بکاتە سەر ژینگە و سرووشتە جوان و دڵڕفێنەکەی ناوچەکەمان، بە دڵنیاییەوە بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین و سزا دەدرێت."

ئەحمەد قادر داوا لە هاوڵاتیانی سنوورەکەش دەکات، کە هاوکاریان بن و وتی : "پاراستنی ژینگە ئەرکی هەموومانە. بۆیە داواکارین هەرکەسێک حاڵەتی داربڕین یان هەر جۆرە سەرپێچییەکی ژینگەیی بینی، راستەوخۆ قائیمقامیەت یان بنکەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگە ئاگادار بکاتەوە، بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین رێکاری یاسایی پێویست بگرینەبەر و سەرپێچیکاران سزا بدەین."