هۆشدارییەکی توند لەبارەی ڤەیپەوە؛ مرۆڤ لاواز و بێهێز دەکات


سەید محەمەد بەرزنجی


رۆژ بە رۆژ لێکۆڵینەوە و تیروانین بۆ ڤەیپ و لێکەوتەکانی زیاتر دەبن و توێژینەوەیەکی نوێ لە ئەمەریکا مەترسییەکی دیکەی جگەری ئەلیکترۆنی 'ڤەیپ' دەردەخات، ''چەند مژێکی کەمیشی لێبدرێت، زیانی گەورە بە تەندروستی دەگات''.



توێژەرانی زانکۆی کالیفۆرنیا لە توێژینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری Frontiers in Toxicologyـی جیهانی بڵاو کراوەتەوە ئاشکرای دەکەن، ڤەیپەکان جگە لە نیکۆتین و تام، چەندان مادەی کیمیایی مەترسیداریان تێدا دۆزراوەتەوە کە بە گەرمکردن چالاک دەبن و زیان بە جەستە دەگەیێنن.



تێرێزا مارتینێز، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە پڕۆسەی گەرمکردنی ڤەیپەکان بە مەترسییەکی جیدی دادەنێت، چونکە ڤەیپ بۆ ئەوەی دووکەڵ دروستبکات و هاوشێوەی جگەری ئاسایی بێت، پشت بە گەرمکردنی کارەبایی دەبەستێت. هەروەها دەڵێت: ''رۆژانە بە چەند مژێکی کەمیش بێت، ژەهرەکەی تێکەڵ بە جەستە دەبێت''.



ئەوان دوو مادەی شێرپەنجەیی مەترسیداریان لەنێو شلەی ڤەیپەکاندا دۆزیوەتەوە، بە ناوەکانی (methylglyoxal) و (تێکەڵەی ئەسیتاڵدیهاید) کە دەشێت بە گەرمکردنی هەردووکیان، مادەی وایان لێدروستببێت کە راستەوخۆ پەککەوتنی سییەکانی لێ دروستبێت.



زیانەکانیشیان ئەمانەن:

بێهێزی و لاوازیی جەستە

کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی وزە

کەمبوونەوەی مایتۆکۆندریای خانەکان کە وزە بەرهەم دەهێنێت

رێخۆشکەرە بۆ دروستبوونی خانەی شێرپەنجەیی

پەککەوتنی سییەکان

تەقینی بۆڕیچکەکانی هەوای نێو سییەکان