سەید محەمەد بەرزنجی



رێکخراوی تەندروستیی جیهانی شەپۆلێکی نوێی ئالوودەبوون رادەگەیێنێت و دەڵێت، لە جیهاندا 15 ملیۆن منداڵ ڤەیپ دەکێشن.



رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) هۆشدارییەکی تووندی لەبارەی جگەرە ئەلیکترۆنییەکانەوە بڵاوکردۆتەوە دەڵێت: ''شەپۆلێکی نوێ و مەترسیدار بۆ ئالوودەبوون بە نیکۆتین لەنێو هەرزەکاراندا بونی هەیە کە بووەتە هۆی ئالوودەبوونی ملیۆنان منداڵ لە جیهاندا.



رێکخراوەکە لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاند، لەو وڵاتانەی کە داتای وردیان بەردەستە، دەرکەوتووە منداڵان بە تێکڕا نۆ هێندەی کەسانی پێگەیشتوو ئەگەری بەکارهێنانی ڤەیپیان هەیە، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە ئەم بەرهەمانە بە شێوەیەکی سەرەکی هەرزەکاران دەکەنە ئامانج.



ئاژانسە تەندروستیەکە رایگەیاند، پیشەسازیی تووتن و نیکۆتین بەردەوام بانگەشە بۆ ڤەیپ دەکات وەکو جێگرەوەیەک بۆ جگەرەی ئاسایی کە زیانی کەمترە، بەڵام لە راستیدا ئەمە تەنیا تاکتیکێکە بۆ راکێشانی نەوەیەکی نوێ و ئالوودەکردنی منداڵان بە نیکۆتین.



یەکەم خەمڵاندنی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەریدەخات، زیاتر لە 100 ملیۆن کەس لە جیهاندا ڤەیپ بەکاردەهێنن. ئاژانسەکە ئەم ئامارەی بە " نیگەرانییەکی قووڵ" وەسف کرد. بەپێی ئامارەکە نزیکەی 86 ملیۆن بەکارهینەری ڤەیپ کەسی پێگەیشتوو لەخۆدەگرێت، کە زۆربەیان لە وڵاتانی خاوەن داهاتی بەرزدان، لەگەڵ نزیکەی 15 ملیۆن منداڵی تەمەن 13 بۆ 15 ساڵ.