دووانە
دوانەیەکی پێکەوە لکاو لە یەکدی جوداکرانەوە
سەید محەمەد بەرزنجی
وتەبێژی تەندروستیی کەرکوک دەڵێت، نەشتەرگەریی جوداکردنەوەی دووانەیەکی پێکەوەلکاو لەو پارێزگایە ئەنجامدرا
رۆژی دووشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2025 سامان یابە عەلی، وتەبێژی تەندروستیی کەرکووک ڕایگەیاند، "10 رۆژ پێش ئێستا 2 منداڵی دووانەی پێکەوەلکاو لەدایکبوون و بڕیاردرا کە دوای ماوەیەک نەشتەرگەرییان بۆ بکرێ و لە یەکدی جودابکرێنەوە، بەڵام یەکێکیان گیانی لەدەستدا و ئەوەی دیکەیان ژیانی لە مەترسیدا بوو؛ بۆیە بەپەلە نەشتەرگەریی لێک جوداکردنەوەیان بۆ کرا."
بە گوتەی سامان یابە عەلی، یەکەمجارە لە کەرکووک دۆخی لەو شێوەیە رووبدات و ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە بکرێ وتیشی نەشتەرگەرییەکە دوو کاژێری خایاند و سەرکەوتوو بوو. منداڵەکەی دیکە لە ئێستادا تەندروستیی باشە
نەشتەرگەرییەکە لەلایەن تیمێکی پسپۆڕی نەخۆشخانەی ژنان و منداڵانی کەرکووکەوە کراوە. وتەبێژی تەندروستیی کەرکووک وتی، "دوو منداڵەکە لە سکیانەوە پێکەوە لکابوون و توانرا سک و بڕبڕەی پشت و ماسوولکە هاوبەشەکانیان جیابکرێنەوە."