ئەمریکا لە نوێترین بڕیاریدا خواردنە لە قتونراوەکان لە ناوەندەکانی خوێندن قەدەغە دەکات
سەید محەمەد بەرزنجی
ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە نوێترین بڕیاریدا داوا دەکات خۆراکە ئامادەکراو و لەقوتوونراوەکان نەدرێن بە قوتابییان و لەبری ئەوانە، خۆراکی تازە، سەوزە و میوەیان پێبدرێت.
مایکڵ زۆرچنەر راهێنەری خۆراکیی قوتابییان لە قوتابخانەی مۆرگان هیڵ دەڵێت: ''پڕۆژەیاسای 1264 پێشنیاز بۆ خوێندنگەکان دەکات کە ئەو خۆراکانە بکڕن کە پێکهاتە زیانبەخشەکانی نێو خۆراکە ئامادەکراوەکانیان تێدا نییە وە ئەو خۆراکە ئامادەکراوانەشی دیاریکردووە کە لەسەر بنەمای زانست رێگەپێنەدراون''.
خۆراکە ئامادەکراوەکان، ئەوانەن کە شەکر، خوێ، مادەی پارێزە و رەنگیان تێدەکرێت تاوەکو بەتام بن و بڕازێندرێنەوە و بۆ ماوەیەکی زۆریش بمێننەوە، بەڵام ئەگەری تووشبوون بە قەڵەوی و لێکەوتەی مەترسیدار لەسەر تەندروستی دروستدەکەن.
لاوڕا سکمیت، یاساناسی بواری خۆراک دەڵێت: ''ئێمە دەزانین کە خۆراکە ئامادەکراوەکان دەبنە هۆی قەڵەوی، قەڵەویش کۆمەڵێک لێکەوتەی تەندروستی وەکو شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵی هەیە. بۆیە تاوەکو زیاتر خۆراکی تەندروست بخەینە بەردەم منداڵان، باشترە. ئەوەش لەڕێگەی ئەم یاسایەوە دەبێت کە خەریکە جێبەجێ دەبێت''.
بەپێی بڕیارەکە ، دەبێت تاوەکو تەممووزی 2029 هیچ خۆراکێکی ئامادەکراو لەنێو قوتابخانەکان نەمێنن. ئەمەش بەهەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەڵەوی، چونکە زیاد لە 40٪ـی ئەمریکییەکان قەڵەون.